کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بە شێوازی بنەڕەتی پاشەکشەی ناوکی قەبووڵ کردووە

09:52 - 4 جۆزەردان 2726

بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا، بە شێوازێکی بنەڕەتی لەسەر لەنێوبردن یان گواستنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی کە خەستییەکەی بەرزە ڕەزامەندیی نیشان داوە، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی واژۆ نەکراوە.

بەپێی وتەی ئەم بەرپرسە باڵایە، پڕۆسەی پێشنیارکراو دوو قۆناغ لەخۆ دەگرێت کە قۆناغی یەکەم بریتییە لە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هۆرمۆز لە بەرامبەر لادانی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا و لە قۆناغی دووهەمدا دانوستان لەسەر مێکانیزمێک دەکرێت بۆ ئەوەی ئێران دەست لە بەشە جیاوازەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی هەڵبگرێت.

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران نەدراوە و هەر جۆرە کەمکردنەوەیەک لە گەمارۆکان، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی داواکارییەکانی ئەمریکا.

هەروەها ئاشکرا کرا کە جی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆمار، ستیڤ ویتکاف نێردراوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەرد کۆشنێر لە تیمی دانوستانکاری ئەمریکادا بەشدارن و واشنگتۆن دەیەوێت سەرجەم هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم پڕۆسەیەدا بەشدار بکات.