لە درێژەی سیاسەتە تاڵانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و گرانکردنی بێبەزەییانەی پێداویستییەکانی خەڵک، نرخی بەرهەمە شیرمەنییەکان لە سەرەتای جۆزەردانەوە بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد زیادی کردووە و ئەم ماددە سەرەکییە لە سفرەی زۆربەی بنەماڵەکان سڕاوەتەوە.
بەرپرسانی کەرتی شیرەمەنی دانیان بەوەدا ناوە کە هۆکاری ئەم دۆخە خودی دەوڵەتە، چونکە ڕێژیم تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژدا نرخی شیری خاوی لە ٤٦ هەزارەوە گەیاندووەتە ٦١ هەزار تمەن تا کورتهێنانی بودجەکەی لە گیرفانی خەڵک قەرەبوو بکاتەوە.
ئەم گەندەڵییە بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی بەکاربردنی ساڵانەی شیرەمەنی بۆ هەر تاکێک لە ئێران بۆ تەنیا ٤٠ کیلۆگرەم دابەزێت ، کە ئەمەش یەک لەسەر چواری تێکڕای جیهانییە. ئەم ئامارە شەرمهێنەرە، ڕەنگدانەوەی ئەو هەژارییە سەپێندراوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکدا هێناویەتی.
هاوكات، ئەم گرانییە بووەتە هۆی داخرانی بەکۆمەڵی کارگە بچووکەکان و بێکاربوونی زیاتری کرێکاران.