ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، حاجی خدر حەداد، کەسایەتیی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و دۆستی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی گوندی "نستان"ی سەر بە ناوچەی ڕەبەت، لە تەمەنی سەد ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
حاجی خدر کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی جێگەی ڕێز و متمانە و خۆشەویستی ناوچەکانی سەردەشت و ڕەبەت بوو. ئەو بەهۆی دڵسۆزیی بۆ دۆزی کورد و حیزبی دێموکرات، بە دەیان جار لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە کرا؛ تەنانەت لە ساڵی ١٣٦٩دا لە زێدی خۆی بۆ باشووری کوردستان ڕاگوێزرا، بەڵام تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە وەفاداری بۆ ڕێبازی دێموکرات مایەوە.
ئەم بنەماڵەیە چەندین تێکۆشەری تریان پێشکەش بە کاروانی ڕزگاریی کوردستان کردووە؛ کوڕێکی حاجی خدر بە ناوی کەریم حەداد بۆ ماوەی چەندین ساڵ پێشمەرگە، کادر و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت بوو کە لە چەندین شەڕدا بریندار بوو.
هەروەها برایەکی حاجی خدر بە ناوی برایم حەداد پێشمەرگەیەکی بەورە بوو کە لە شەڕەکانی سەردەشت، پیرانشار و مەهاباددا ئازایانە بەشداریی کرد و لە ساڵانی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و دۆستانی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.