کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان پەنای بۆ سێدارەدانی خێرای لاوان بردووە

09:25 - 13 بانەمەڕ 2726

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چوار لاوی دەسبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری مەرودەشتی پارێزگای فارسی بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" بە سێدارە مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، ئەم چوار هاووڵاتییە بریتین لە "حەمیدڕەزا سابت‌ڕەئی، حەمیدڕەزا فەتحی، عەبدولڕەزا فەتحی و سەعید زارعی".

ئەم چوار بەندکراوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج و تێکدانی مڵکی گشتی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا تۆمەتبار کراون، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا ناچار بە "دانپێدانانی زۆرەملێ" کراون.

حەمیدڕەزا فەتحی بەهۆی ئەشکەنجەوە دەستی شکاوە و سەعید زارعیش چاوی بەسەختی ئازار دراوە و بە شۆکی کارەبایی ناچار کراوە لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمەوە دژی خۆی قسە بکات.

"ئەبووزەر بارگاهی"، بەندکراوی سیاسی، لە ڕێگەی فایلێکی دەنگییەوە لە ناو بەندیخانەوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە لێپرسەکان بە ئەشکەنجەی دڕندانە، ئەم چوار لاوەیان ناچار کردووە بەرپرسیارییەتی هەموو ڕووداوەکانی وەک سووتاندنی بانکەکان بگرنە ئەستۆ.

ئێستا حوکمەکە لە قۆناغی سەرەتاییدایە و غوڵامحوسێن موحێسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەری، داوای خێراکردنی پرۆسەی لەسێدارەدانی ناڕازییانی کردووە.