کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی ئێران ئاگادار کردەوە

09:27 - 22 خەزەڵوەر 2726

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، پەیامی ئامادەباشیی بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە ناردووە تاکوو خۆیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و پەلامارە سەربازییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "کان"ی ئیسرائیل، سێنتکام بە فەرمی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیلی جێگیر لە ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە بۆ هەر جۆرە پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی لە ئامادەباشیی تەواودا بن.

"ئیتای بلومێنتاڵ"، پەیامنێری سەربازیی ئەو کاناڵە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێگەی کاناڵە ئەمنییەتییەکانەوە پەیامی هاوشێوە بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداویش نێردراوە و داوایان لێ کراوە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە داهاتوویەکی نزیکدا ئامادە بن.

ئەم جووڵە ئەمنییەتی و سەربازییانە لەکاتێکدان کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو باسی لە ڕەوتی ئەرێنیی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ کردبوو، بەڵام هاوکات هۆشداریشی دابوو کە لە ئەگەری گۆڕانی بارودۆخەکەدا، هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی ئامادەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاڵۆزییە مەیدانییەکان بە هۆی جووڵەی نوێی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە زیاتر بووە؛ لە ئێستادا سێیەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بە ناوی "یووئێس‌ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت" بەرەو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە جووڵەدایە و شارەزایانی سەربازی گەیشتنی نزیکی ئەم کەشتییە زەبەلاحە وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هەنگاوە سەربازییەکان لە دژی تاران لێک دەدەنەوە.