جاسم بەدیوی، بەڕێوبەریی گشتیی شورای هاوکاریی کەنداو، بە توندی لێدوانە دژبەرەکانی نەعیم قاسم، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان دژی پادشایەتیی بەحرەینی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند، ئەم شۆرایە بە تەواوی سەرکردە، باڵ و ڕێکخراوەکانییەوە حیزبوڵڵا وەک پێکهاتەیەکی تێرۆریستی دەناسێت.
ئەم کاردانەوە توندە دوای ئەوە هات کە دادگای تاوانەکانی بەحرەین ١١ کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ سپای تێرۆریستیی پاسداران و پلانی تێکدەرانە سزا دا و ڕۆژێک دواتر نەعیم قاسم هێرشی کردە سەر دەوڵەتی بەحرەین.
بەدیوی جەختی کردەوە، شورای هاوکاری کەنداو دژی هەر جووڵەیەکی حیزبوڵڵایە کە ببێتە هۆی ئاڵۆزی و دووبەرەکی لە لوبناندا.
ناوبراو پاڵپشتیی وڵاتانی کەنداوی بۆ هەنگاوە چاکسازییەکانی "جۆزێف عەون" سەرۆککۆماری نوێ و "نەواف سەلام" سەرۆکوەزیرانی لوبنان دووپات کردەوە.
شایانی باسە، شۆرای هاوکاریی کەنداو لە ساڵی ٢٠١٦وە حیزبوڵڵای بەهۆی قاچاخکردنی چەک و ماددەی هۆشبەر، هاندانی هاووڵاتییان بۆ کردەوەی چەکداری و بەئامانجگرتنی ئەمنییەتی نەتەوەیی و سەقامگیریی سیاسیی وڵاتانی ناوچەکە، خستووەتە ناو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.