کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دووبارە هێرشی کردەوە سەر بەندەرعەباس

08:49 - 7 جۆزەردان 2726

بەرپرسێکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشی ئاسمانیی نوێی لە نێوخۆی ئێراندا ئەنجام داوە و پێگەیەکی سەربازیی کردووەتە ئامانج کە بە بڕوای واشنگتۆن مەترسی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هۆرمۆزدا بووە.

ئەم بەرپرسەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، بە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"ی ڕایگەیاند، ئەرتەشی وڵاتەکەی هاوکات چوار دڕۆنی ڕێژیمی ئێرانیشی لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز خستووەتە خوارەوە کە ببوونە مەترسی.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکیی هێرشە ئاسمانییەکە، بنکەیەکی کۆنترۆڵی زەوینیی دڕۆنەکان لە شاری "بەندەر عەباس" بووە، کە خەریکی ئامادەکاری بۆ ڕەوانەکردنی پێنجەمین دڕۆن بووە.

ئەم هێرشانە کە دووەم هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا لەم حەفتەیەدا لە گەرمەی ئاگربەستێکی لەرزۆکدا، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە ڕووی دا کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕاپۆرتەکەی ئێرانی سەبارەت بە ڕێککەوتنی نزیک بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ لەم ڕێڕەوە ستراتێژییەدا (کە لەلایەن ئێران و عومانەوە بە هاوبەشی بەڕێوە دەبرێت) ڕەت کردەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممەش چەندین هێرشی لە باشووری ئێران ئەنجام دابوو و وەک هەنگاوێکی بەرگریی پێناسەی کردبوو.