دەن برۆیلێت، وەزیری پێشووی وزەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فاکس نیوز" هۆشداری دا کە توانای پاشەکەوتکردنی نەوتی ئێران بە شێوازێکی مەترسیدار ڕووی لە کەمی کردووە و ئەگەر تاران ناچار بێت بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگرێت، ڕووبەڕووی داڕمانێکی سەختی ئابووری دەبێتەوە.
برۆیلێت ڕایگەیاند: "بە بڕوای من، ئێرانییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن تەنیا چوار بۆ شەش حەفتەی دیکە کاتیان لەبەردەمدایە، پاش ئەوە دەگەنە خاڵێک کە ڕێگای گەڕانەوەی نییە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ئێران تەنیا ٢٠ بۆ ٢٢ میلیۆن بەرمیل نەوتی پاشەکەوتکراوی لەسەر وشکانی هەیە، لە کاتێکدا پێشتر ئەم ڕێژەیە نزیکەی ١٢٠ میلیۆن بەرمیل بووە.
وەزیری پێشووی وزەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە ئەگەر توانای پاشەکەوتکردنی ئێران کۆتایی بێت و ناچار بە ڕاگرتنی بیرە نەوتەکان بێت، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان کارێکی یەکجار ئەستەم دەبێت و داهاتووی ئابووریی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەو هەروەها وتی کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە باشی لەم گوشارانە تێدەگات و ستراتێژیی گەمارۆدانی تاران بە تەواوی سەرکەوتوو بووە، چونکە هەم هەناردە و هەم ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بە شێوەی بەرچاو دابەزیوە.