دۆخی میدیاکان لە ئێراندا ڕەشترین سەردەمی خۆی تێدەپەڕێنێت و پاش دەسپێکی شەڕ لە ٩ی ڕەشەمەی ڕابردوو و پچڕاندنی سەرتاسەریی ئینتێرنێت بۆ ماوەی پتر لە دوو مانگ، ئازادیی ڕۆژنامەگەری گەیشتووەتە ئاستی سیفر و ئێران بووەتە خاوەنی درێژترین "خامۆشیی دیجیتاڵ" لە جیهاندا.
لەم پێوەندییەدا، ڕێکخراوی "ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور" بەبۆنەی ٣ی مەی، ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە پلەی ئازادیی میدیا لە ئێراندا بۆ ١٧٧ لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا دابەزیوە.
ئەم داڕمانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەنووسان لە نێوخۆی ئێران لەژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و سپای پاسداراندانن و ناچار دەکرێن تەنیا گێڕانەوە حکوومەتییەکان بڵاو بکەنەوە.
گرینگترین خاڵەکانی ئەم قەیرانە دەکرێت ئاماژە بە داخرانی ڕۆژنامەکان بکرێت کە بەهۆی گوشاری دارایی و سانسۆر، چەندین ڕۆژنامەی بەناوبانگی نێوخۆی ئێران ناچار بە وازهێنان لە کار بوون.
هەروەها ساڵی ١٤٠٥ وەک "ساڵی بێکاریی ڕۆژنامەنووسان" ناو براوە و تەنیا لە یەک ناوەندی میدیاییدا پتر لە ١٠٠ کەس دەرکراون.
یەکێکی تر لە خاڵەکانی ئەو قەیرانە، "ئینتێرنێتی چینایەتی"یە و ڕێژیم لەڕێگەی بڕینی ئینتێرنێتی ئازاد دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی سنووردار کردووە و تەنیا "ئینتێرنێتی سپی" دەداتە ئەو کەسانەی کە سیاسەتەکانی ڕێژیم پڕوپاگەندە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی نەبوونی متمانە و یەکدەستبوونی هەواڵەکان و سانسۆر، متمانەی گشتی بە میدیا نێوخۆیییەکان بەتەواوی لەنێو چووە.
ئەنجومەنی پیشەیی ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای تاران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی داوە کە ئەم دۆخە نەک تەنیا بژێوی میدیاکارانی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکوو مافی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی بە زانیارییەکان بەتەواوی زەوت کردووە.