کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل باشووری لوبنانی کردە ناوچەی شەڕ و ٥٥٠ پێگەی حیزبوڵڵای بۆردومان کرد

09:27 - 7 جۆزەردان 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە تا ئێستا، نزیکەی ٥٥٠ پێگە و ئامانجی حیزبوڵڵای لوبنانی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا پێکاوە. ئەم هێرشە بەربڵاوانە دوای ئەوە دێن کە تێلاڤیڤ هەموو ناوچەکانی باشووری ڕووباری "زەهرانی" (کە دەکەوێتە ٤٠ کیلومەتریی باکووری سنووری ئیسرائیل و لوبنان) وەک "ناوچەی شەڕ" ڕاگەیاند.

ئەرتەشی ئیسرائیل تەنیا لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، فەرمانی چۆڵکردنی دەستبەجێی بۆ دانیشتووانی شاری "سۆڕ"، کەمپەکانی ئاوارەکان و ناوچەکانی دەوروبەری دەرکردووە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە بەرەو باکووری ڕووباری زەهرانی کۆچ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، بنکە سەربازییەکان، ناوەندەکانی فەرماندەیی و سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی حیزبوڵڵا لە دۆڵی "بیقاع" و چەندین ناوچەی باشووری لوبنان کراونەتە ئامانج. ئیسرائیل حیزبوڵڵا بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست و ئەنجامدانی هێرشی درۆنی تۆمەتبار دەکات.

لەم پێوەندییەدا، "ئەیال زەمیر" فەرماندەی ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە هێرشەکانیان بۆ سەر حیزبوڵڵا توندتر دەکەن و تێچوویەکی قورس بەسەر دوژمندا دەسەپێنن.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەی کە لە واشنگتۆن لە نێوان نوێنەرانی دەوڵەتانی ئیسرائیل و لوبناندا واژۆ کرابوو، ئیسرائیل ڕێگەی پێدراوە کە لە کاتی بوونی "هەڕەشەی جیددی و دەستبەجێ"دا، کردەوەی سەربازی دژی حیزبوڵڵا ئەنجام بدات.