ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی مەی ٢٠٢٦، کانی جەهانگیری، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە، لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی باکوور، باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، لە مەجلیسی نیشتمانیی فەرانسە لەگەڵ پارلەمانتار ئانا پیک و دیلان بوتیفلات، سکرتێری نێونەتەوەیی حیزبی سۆسیالیست کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات تیشکی خستە سەر شەپۆلی سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە چالاکوانانی ڕۆژهەڵات و هێرش و گوشارەکانی ئێرانی بۆ سەر باشووری کوردستان مەحکووم کرد.
لایەنی فەڕانسییش پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرسی کورد دووپات کردەوە و بەڵێنیاندا لە ڕێگەی دەستپێشخەریی پارلەمانی و دیپڵۆماسییەوە، داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد و زیندانیانی سیاسی بکەن.
لە کۆتاییدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات پێداگری لەسەر کۆدەنگیی نێودەوڵەتی دژ بە هەڕەشەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و نوێنەرانی بەشەکانی تری کوردستان لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکانیاندا، جەختیان لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی گوتاری کوردی لە نێوەندە جیهانییەکاندا کردەوە.