کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: بە سەپاندنی گەمارۆی نوێ شادەمارە داراییەکانی سپای پاسداران دەکەینە ئامانج

10:57 - 8 جۆزەردان 2726

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا خەریکی ئەنجامدانی کارێکی هاوئاهەنگە بۆ بڕینی دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بەو داهاتانەی کە بۆ دەستدرێژکاریی ناوچەیی و تیرۆریزم بەکاریان دەهێنێت.

تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند کە ئەوان چەندین کەس، لایەن و نەوتکێشیان گەمارۆ داوە کە کۆڵەکەی ئابووریی نایاسایی نەوتی ئێران پێک دەهێنن؛ بەمەش ڕاستەوخۆ شاڕەمارە داراییەکانی سپای پاسداران و دامەزراوە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج.

لەم چوارچێوەیەدا، ٨ دامەزراوە وەک دارایی بلۆکەکراو دەستنیشان کراون و ٣ لایەن و کەسایەتیی دیکەش بەهۆی بازرگانیی پێترۆشیمی گەمارۆ دراون.

هاوکات وەزارەتی خەزێنەداری سزای بەسەر تۆڕێکی جێگیر لە هۆنگ کۆنگدا سەپاندووە کە دەیان میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانیان بە بەهای میلیاردها دۆلار گواستووەتەوە.

ئەم دامەزراوانە ئاسانکارییان بۆ فرۆشتنی نەوتی گەمارۆدراو کردووە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پارەی سپای پاسداران و ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان دابین کردووە تا بۆ ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەکار بهێندرێت.