کاناڵی "سیئێنئێن" بە پشتبەستن بە شیکاریی وێنە ماهوارەییەکان ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی بە خێرایی و بەربڵاوی خەریکی بونیادنانەوەی بنکە مووشەکی و دڕۆنییەکانیەتی تا توانای سەربازیی خۆی بگێڕێتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پاش دەستپێکردنی ئاگربەست، لە کۆی ٦٩ تونێلی ژێرزەوینی لە ١٨ بنکەی مووشەکی، لانیکەم ٥٠ دەروازەی تێک شکان یان داخران کە کراونەتەوە و ئەوانی تریش خەریکی چاککردنەوەن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، دامەزراوەی ژێرزەوینیی "باختەران" لە کرماشان کە پێشتر هەر چوار دەروازەکەی بەهۆی هێرشەکانەوە داڕمابوون، ئێستا دوو دەروازەیان بە تەواوی پاک کراونەتەوە و جادەکانی تایبەت بە گواستنەوەی لانچێری موشەکییەکانیش نۆژەن کراونەتەوە.
تاران ئێستا خەریکی پاککردنەوەی دەروازەکانی دیکەیە و بەشێک لەو شوێنانەی کە بەهۆی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکاوە پێکرابوون، چاک کردووەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتەی سی ئین ئێن کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە هێرشەکانیاندا، زۆربەی هەرە زۆری توانا مووشەکی و بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەنێو بردووە.