کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک: کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی بەرچاوتری لە هەڕەشە تیرۆریستییەکاندا هەیە

08:43 - 9 جۆزەردان 2726

ڕێکخراوی هەواڵگریی  دانمارک ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵێکی زۆر گەورەتر لە جاران لە دروستکردنی هەڕەشە تیرۆریستییەکاندا لە وڵاتانی ئیسکاندیناوییەدا دەگێڕێت.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکە، ئاستی گشتیی مەترسییەکان گەیشتووەتە پلەی چوار لەسەر پێنج، بەڵام سروشتی ئەم هەڕەشە ئەمنییەتییانە گۆڕاوە؛ بە شێوەیەک کە ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنان و ڕاکێشانی تۆڕە تاوانکارییەکانەوە لە ئورووپا، خەریکی پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرش بۆ سەر ناوەندەکانی جولەکەکان و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە دانمارکن.

هەواڵگریی دانمارک جەخت دەکاتەوە کە پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و ئیسرائیل، بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە نۆیی ڕەشەمەی ڕابردوودا، کاریگەریی قورسی لەسەر تێکدانی دۆخی ئەمنییەتی گشتی لە وڵاتانی ڕۆژاوادا داناوە.

هاوکات، دەزگای ئەمنییەتی سوید (ساپۆ) ڕێژیمی ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە بەکارهێنانی باندە تێکدەرەکان بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی دژ بە ئۆپۆزسیۆن.