سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی کارزاری گوشاری ئابووریی دەوڵەتی ترامپ دژی تاران، دەستی بەسەر نزیکەی یەک میلیارد دۆلار لە ئەرزە دیجیتاڵییەکانی سەر بە ئێرانی داگرتووە.
بێسێنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فۆکس بیزنێس" لە کۆڕبەندی نیشتمانیی ئابووریی "ڕیگان"دا ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی بۆ بەئامانجگرتنی مۆڵک و ماڵە لوکسەکان و داراییە بانکییەکانی سەر بە ئێران لە دەرەوەی وڵات لە هاوئاهەنگییەکی نزیکدایە.
ناوبراو وتی: "من باوەڕم وایە کە ئێمە نزیکەی یەک میلیارد دۆلار لە ئەرزە دیجیتاڵییەکانی ئەوانمان بلۆکە کردووە. بە تەواوی دەستمان بەسەر ئەرزە دیجیتالییەکانیاندا گرتووە."
وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەنگە هەندێک لە تۆڕەکانی سەر بە ئێران تا ئێستاش نەیانزانیبێت کە داراییەکانیان زەوت کراوە.
ئەو جەختی کردەوە: "ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری ئورووپادا کار دەکەین بۆ دەستبەسەرداگرتنی ویلا، خانوو و مۆڵکەکانی سەر بەم ڕێژیمە؛ ئەمە ئەو پارەیەیە کە لە خەڵکی ئێران دزراوە."