وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە وڵاتەکەی بەم زووانە ناچار بێت جارێکی دیکە پەنا بۆ کردەوەی سەربازی ببات، تاکوو دڵنیا بێتەوە لەوەی کۆماری ئیسلامی دووبارە نابێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
یێسرائیل کاتس، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا وتی: ''دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە هاواهەنگی لەگەڵ نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕابەرایەتی هەوڵەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەم هەڵمەتە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە ئێران لە داهاتوودا جارێکی تر نابێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا و جیهانی ئازاد.''
ناوبراو زیادی کرد: ''ئێمە پاڵپشتی لەم هەوڵانە دەکەین و پشتیوانی پێویست پێشکەش دەکەین، بەڵام ڕەنگە بەم زووانە ناچار بین دووبارە هەنگاو بنێین کردەوەی سەربازی ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە ئەو ئامانجانە بەدی دێن.''
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوای هێوربوونەوە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەستاون، بەڵام ئەرتەشی ئەو وڵاتە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، هێشتا لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا بەردەوامە.