دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند واشنگتۆن لە ڕێککەوتنێکی زۆر باش لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە. ئەو جەختی کردەوە ڕێککەوتنی پێ باشترە، بەڵام ئەگەر نەگەنە داواکارییەکانیان، لە ڕێگەی سەربازییەوە کارەکە تەواو دەکەن.
ترامپ ئاماژەی بەوە کرد هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێرانیان بە تەواوی وێران کردووە، بەڵام زیانیان بە ئەرتەش نەگەیاندووە؛ چونکە ئەرتەش تا ڕادەیەک "میانڕەوە" و نەیانویستووە هاوشێوەی ئەزموونی عێراق، تەواوی پێکهاتەکان تێکبشکێنن کە ئاوەدانکردنەوەی دەیان ساڵ بخایەنێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیییەی ئەتۆمی ئیدیعای کرد کە تاران ڕازی بووە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و لە ڕێگەی کڕینیشەوە دەستی پێڕانەگات.
ناوبراو وتی: "پێم باشە بگەینە ڕێککەوتن، چونکە دەتوانین دەستبەجێ گەرووی هۆرمۆز بکەینەوە؛ تەنیا گەرەنتییەک کە دەمەوێت ئەوەیە چەکی ئەتۆمی لە گۆڕێدا نەبێت."
ترامپ وێڕای "سەرسەخت" ناوبردنی شاندی ڕێژیم، ڕایگەیاند پەلەی لە ڕێککەوتندا نییە. ئەو لە کۆتاییدا ڕەخنەی لە "میدیای چەواشەکار" گرت کە سەرکەوتنەکانی ئەمریکا بە بچووک نیشان دەدەن و بوونەتە گەورەترین دارایی بۆ ئێران.