هەواڵدەریی "ئاکسیۆس" لە زمانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ژووری دۆخی نائاسایی لە کۆشکی سپی، داوای کردووە چەند گۆڕانکارییەک لە دەقی ڕێککەوتننامەی پێشنیارکراو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس، هەرچەندە ترامپ خوازیاری ڕێککەوتنە و چاوەڕوان دەکات بەمزووانە نێوان هەردوولا بگاتە ئەنجام، بەڵام دەیەوێت بەندە ئەتۆمییەکان بەهێزتر و توندتر بکرێن.
لە دەقی ئێستادا، ماوەی ٦٠ ڕۆژ بۆ وتووێژ لەسەر بەڵێنە ئەتۆمییەکان و کەمکردنەوەی گەمارۆکان دیاری کراوە؛ تەوەری یەکەمیش چارەنووسی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراو و سنووردارکردنی پیتاندن دەبێت.
هاوکات ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ڕایگەیاندووە کە ترامپ مەرجەکانی پێشوەختی توندتر کردووە و دەقە نوێیەکەی بۆ پێداچوونەوە ناردووەتەوە بۆ تاران.
هێشتا گۆڕانکارییەکان بە تەواوی ڕوون نین، بەڵام ترامپ لەسەر ئازادکردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترامپ لە درێژەکێشانی وڵامی تاران ناڕازییە و پێشکەشکردنی ئەم مەرجە قورسانە، بە مەبەستی زیادکردنی گوشار و خێراکردنی ڕەوتی دانوستانەکان بووە.