کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: هێزەکانی ئەمریکا کەشتییەکی بازرگانییان پەکخست

09:36 - 10 جۆزەردان 2726

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزە دەریاییەکانیان لە دەریای عومان، ڕێگرییان لە کەشتییەکی بارهەڵگر بە ئاڵای وڵاتی گامبیا کردووە کە هەوڵی دابوو گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنێت و بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بڕوات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام، هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی چاوەدێریکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، کەشتیی "لیان ستار"یان بینیوە و پتر لە ٢٠ جار هۆشدارییان پێداوە کە ناتوانێت گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا پێشێل بکات.

دوای ئەوەی خەدەمەی کەشتییەکە فەرمانەکانیان پشتگوێ خستووە، فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمریکا بە هاویشتنی مووشەکێکی "هێڵفایر" بۆ نێو ماتۆڕخانەکەی، کەشتییەکەی پەکخستووە و ئێستا لە دەریای عوماندا سەرگەردانە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا نەچوونەتە نێو کەشتییەکەوە.

سێنتکام ئاشکرای کرد کە بەم هەنگاوە نوێیە، ژمارەی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بەهۆی هەوڵدان بۆ شکاندنی گەمارۆکە لەلایەن ئەمریکاوە پەکخراون گەیشتووەتە ٦ دانە، هەروەها ڕێڕەوی ١١٦ کەشتیی تریش گۆڕدراوە.

ئەمریکا لە کۆتایییەکانی مانگی ئاوریلی ڕابردوودا و لە وڵامی داخرانی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، گەمارۆی سەربازیی بەندەرەکانی ئێرانی دەست پێکرد.