کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی نەخۆشخانەی ڕێژیمی ئێران لە دوبەی ڕاگیرا

17:20 - 10 جۆزەردان 2726

دادگای ئیمارات بڕیاری بلۆکەکردنی تەواوی دارایی و پاره‌ نەختییەکانی نەخۆشخانەی ڕێژیمی ئێرانی لە شاری دوبەی دەرکرد و چالاکییەکانی ئەم ناوەندە پزیشکییە بە تەواوی ڕاگیرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، پرۆسەی داخستنی نەخۆشخانەکە بە زۆر و بە شێوەیەکی خێرا جێبەجێ کراوە؛ ڤیزای کارمەندەکان پووچەڵ کراوەتەوە و لە خانوووە سازمانییەکانیان دەرکراون، هەروەها سەرۆکی نەخۆشخانەکەش ناتوانێت خاکی ئیمارات بەجێ بهێڵێت و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ڕۆژانە بووەتەوە.

ئەم ڕێکارە توندانەی دەسەڵاتدارانی دوبەی دوای ئەوە دێت کە لە کۆتاییەکانی مانگی مارسی ڕابردوودا، بەرپرسێکی باڵای ئیمارات ڕایگەیاندبوو ئەو دامەزراوانەی "بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەر بە ڕێژیمی ئێرانن"، دادەخەن.

ئیمارات تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئەم ناوەندانەی بۆ "قۆستنەوە و پێشخستنی ڕوانگە سیاسییەکانی" بەکار هێناوە کە لەگەڵ یاساکانی نێوخۆی ئیماراتدا ناگونجێن.

پێشتر ئیداره‌ی تەندروستیی دوبەی مۆڵەتی دوو مانگی بەم نەخۆشخانەیە دابوو تا چالاکییەکانی ڕابگرێت، بەڵام بەرپرسانی مانگی سووری ئێران دەڵێن بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان، پرۆسەکە پێش وادەی دیاریکراو و بە شێوازێکی کتوپڕ جێبەجێ کراوە.