کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هائارێتس: سووربوونی تاران ئەگەری دەسپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا زیاتر دەکات

15:10 - 13 بانەمەڕ 2726

سووربوونی ئێران لەسەر داواکارییەکانی و داننەنان بە شکستدا، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دۆناڵد ترامپ فەرمانی دەسپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکە گرینگەکانی ئەو ڕێژیمە دەر بکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "هائارێتس"، سەرەڕای توندتربوونی گەمارۆ دەریایی و ئابوورییەکان، تاران هێشتا ئامادە نییە سازش لەسەر داواکارییەکانی ئەمریکا بکات، ئەمەش وەک هەڵەیەکی ستراتێژی ناو دەبرێت کە دەبێتە هۆی توندتربوونی بژاردە سەربازییەکان بۆ شکاندنی بنبەستی دیپلۆماسیی ئێستا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سپای ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە (سێنتکام) خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە، تاوەکوو بەرپەرچی هەر چەشنە ڕووبەڕووبوونەوەیەک بدەنەوە کە ڕەنگە لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئەگەرییانەدا بێتە ئاراوە.

لەم پێوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی لە ڕێگەی پردی ئاسمانیی ئەمریکاوە گەیەندراوەتە ئیسرائیل، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر کاردانەوەیەکی تاران یان گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.

شارەزایان پێیان وایە سووربوونی ئێران لەسەر درێژەدان بە سیاسەتەکانی، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی پێکدادانی سەربازی دەبات.