کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ پرۆژەی "ئازادی" بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز ڕادەگەیاند

09:17 - 14 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە بەیانیی ئەمڕۆوە پرۆسەی ڕێنوێنیکردن و دەربازکردنی ئەو کەشتییانە دەست پێ دەکات کە لە گەرووی هۆرمۆزدا گیریان خواردووە.

ترامپ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو بەرژەوەندیی ناوچەکە و جیهانە و هۆشداریشی داوە کە هەر جۆرە دەستێوەردانێک لەم پرۆسەیەدا، بە توندی وڵام دەدرێتەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە کە ترامپ ناوی "پڕۆژەی ئازادی" لێ ناوە، لە کاتێکدایە کە گەرووی هۆرمۆز وەک شادەماری ئابووریی جیهان، چەندین حەوتوویە بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکاوە داخراوە.

واشنگتۆن دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە کەشتییە بازرگانییەکان بە سڵامەتی لەو ئاوە "قەدەغەکراوانە" ببەزێنێت، بەڵام تا ئێستا ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا نەکردووە کە بڕیارە هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا وەربگرن.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندە سەربازییەکانی ڕێژیم هەڵوێستی توندیان نیشان داوە.

ئیبراهیم عەزیزی، ئەندامی مەجلیسی ڕێژیم و فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران، ڕایگەیاندووە کە هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزدا، وەک "پێشێلکردنی ئاگربەست" هەژمار دەکرێت.

ئەم لێدوانانە ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا زیاتر دەکەن، بەتایبەت کە هەردوولا هێزە سەربازییەکانی خۆیان لەم ناوچە ستراتێژییەدا خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.