ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، کە لە ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی بانەمەڕەوە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترامپ، پشتیوانیی سەربازی بۆ "پڕۆژەی ئازادی" دەست پێ دەکات. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی ستراتیژیی هۆرمۆزە، کە شادەماری ئابووریی جیهانە.
بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە بەشداریی هێزێکی فراوان بەڕێوە دەچێت کە پێکهاتووە لە: کەشتیی جەنگی و ناوشکێنی پڕچەک بە مووشەکی ڕێنوێنیکراو، زۆرتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگیی جێگیر لەسەر وشکانی و سەر کەشتییەکان و ١٥ هەزار هێزی سەربازیی ئامادە بۆ هەر ئەگەرێکی پێکدادان.
برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ئەرکە "بەرگریکارانەیە" و بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکە و ئابووریی جیهان پێویستە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، "گەمارۆی دەریایی" لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە تاران کرد و ڕایگەیاند کە "پڕۆژەی ئازادی" هەنگاوێکی مرۆییە و ئەگەر بە هەر شێوەیەک ڕێگری لەم پڕۆسەیە بکرێت، بە "هێزێکی زۆر و بە توندی" وڵامی دەدرێتەوە.