دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز، بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی توندیان بە هێزە ئەمریکاییەکان دا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی بانەمەڕ، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، ڕایگەیاند کە هەر هێزێکی بێگانە نزیکی گەرووی هۆرمۆز بێتەوە، دەکرێتە ئامانج.
ناوبراو جەختی کردەوە کە کۆنترۆڵی گەرووەکە لەژێر دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە و دەبێ هەموو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان بۆ تێپەڕین، پێشوەختە هاواهەنگی لەگەڵ ئەواندا بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیس، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزدا، بە مانای پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت."
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بڕیاری دەستپێکردنی "پڕۆژەی ئازادی" دەرکرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی "سێنتکام"، ١٥ هەزار هێزی سەربازی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارن، کە ئامانج لێی گواستنەوەی پارێزراوی کەشتییە بازرگانییەکان و هێزەکانی ئەو وڵاتانەیە کە لە شەڕ و ململانێکاندا بێلایەن بوون.