کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کایا کالاس: ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز جێگەی وتووێژ نییە

09:32 - 14 بانەمەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" لەلایەن ئەمریکاوە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز پرسێکی "جێگەی وتووێژ نییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا پێشتر لەسەر پەرەپێدانی گەمارۆکان دژی تاران ڕێککەوتوون.

کالاس جەختی کردەوە کە نابێت بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکی و پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تێرۆریستییەکان پشتگوێ بخرێن.

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە سێنتکام بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ، پاراستنی ئەو کەشتییانەی دەست پێ کردووە کە لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە.

ترامپ پێشتر ڕەخنەی لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکان گرتبوو کە لە دابینکردنی ئەمنییەتی دەریاییدا وەک پێویست بەشدار نین.

لە بەرامبەردا، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا، هەڕەشەی کردووە کە هەر هێزێکی بیانی، بەتایبەت ئەمریکا لە ئەگەری نزیکبوونەوە لە گەرووی هۆرمۆز دەکرێتە ئامانج.

ئەم ئاڵۆزییانە و سووربوونی تاران لەسەر تێکدانی ئەمنییەتی دەریایی، ئەگەری پێکدادانی سەربازیی لە ناوچە ستراتێژییەکانی کەنداو و هۆرمۆزدا گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.