کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەشتیی بازرگانی لە گەرووی هۆرمۆز هێرشیان کرایە سەر

09:49 - 14 بانەمەڕ 2726

ناوەندی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریاییی بریتانیا (UKMTO)، ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێک لە گەرووی هۆرمۆزدا بە "تەقەمەنیی نەناسراو" کراوەتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ناوەندە، هێرشەکە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە دووریی ١٤٥ کیلۆمیتریی باکووری بەندەری "فوجەیرە"ی ئیمارات ڕووی داوە. ڕاگەیەندراوە کە لەم ڕووداوەدا زیان بە پێرسۆنیلی کەشتییەکە و ژینگەی دەریایی نەگەیشتووە.

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ئەمە دووەمین هێرشە ؛ پێشتر هەمان ناوەند ڕایگەیاندبوو کە کەشتییەکی دیکەی بارهەڵگر لە نزیک شاری "سیریک" لە پارێزگای هۆرمۆزگان، لەلایەن چەند بەلەمێکی بچووکەوە هێرشی کراوەتە سەر.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ڕێژیمی ئێران، گەرووی هۆرمۆز کە پێشتر ڕێڕەوی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهان بوو، بووەتە مەیدانی ئاڵۆزییەکی بێوێنە. کۆماری ئیسلامی ئەم گەروویەی گرتووەتە دەست و بە هەڕەشە و هێرشی بەردەوام، پڕۆسەی کەشتیڕانیی پەک خستووە؛ لە بەرانبەریشدا ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر ئێران.

هەرچەندە لە ئێستادا ئاگربەست لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا ڕاگەیەندراوە، بەڵام وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرچاویان لێ نەکەوتووەتەوە.