هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و دۆخی ئاگربەست، دیاردەی بەشداریی ژنان لە کۆبوونەوە شەوانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووەتە جێگەی مشتومڕێکی سیاسی و جێندەریی قووڵ.
ڕێژیم کە تا دوێنێ ژنانی بەهۆی "بێحیجابی"یەوە سەرکوت دەکرد، ئێستا بۆ پڕکردنەوەی مەیدانەکان، چاو لەو ژنانە دەپۆشێت کە حیجابیان نییە، تا نیشانی بدات کە گوایە هەموو چین و توێژەکان پشتیوانی لە سیاسەتە شەڕخوازەکانی دەکەن.
دەرکەوتنی ژنانی چەکدار بە کڵاشینکۆفەوە لەسەر ماشینە نیزامییەکان لە گەڕەکە جیاوازەکاندا، ستراتێژییەکی نوێی بۆ نیشاندانی بەردەوامیی دەسەڵات و ترساندنی ئەو "زۆرینە بێدەنگە"یە کە نایانەوێت بەشداری لە پڕۆپاگەندەکاندا بکەن.
ئازادە کیان، پرۆفیسۆری خوێندنی جێندەری، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژیم لەبری دروشمی ئایینی، پەنای بۆ ناسیۆنالیزم بردووە. ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی ئەو ژنانەی کە لایەنگری ڕێژیم نین بەڵام "نیشتمانپەروەرن"، بەکار دێت.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم "بەسەربازکردنی ژنانە" مەترسییەکی جیددییە بۆ داهاتووی بزووتنەوە مەدەنییەکان لە ئێران.
ڕێژیم هەوڵ دەدات ئەو ژنانەی کە پێشتر ئەندامی ناوەندە ئەمنییەتییەکان (پرستو) نەبوون، ڕاکێشێت و پەروەردەیان بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک هێزێکی "دژە فێمینیزم" دژی ژنانی ئازادیخواز بەکاریان بهێنێتەوە.
ئەم جووڵانەی تاران، نیشانەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە کاتی تەنگانەدا، جەستە و ناسنامەی ژن تەنیا وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی دەبینێت و لەم پێناوەدا ئامادەیە تەنانەت دەستبەرداری دروشمە هەمیشەییەکانی خۆیشی بێت.