کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرداشی شەڕی ئەمریکا و تاراندا کێ چارەنووسی کورد دیاری دەکات؟

10:57 - 14 بانەمەڕ 2726

شەماڵ تەرغیبی

بەدرێژایی مێژووی مرۆڤ هەموو شەڕێک بە «بڕیار» دەستی پێ کردووە و بە «گۆڕینی بڕیار»یش کۆتایی پێ هاتووە.

ئەم ئەسڵە بناغەییە سەبارەت بە شەڕی هەنووکەیی نێوان ڕێژیمی تاران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە هەند وەردەگیرێ؛ بەڵام پرسیاری جەوهەری بۆ ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە کورد لە نێو بەرداشی شەڕی ئاماژەبۆکراودا لە کوێی هاوکێشەکاندا جێی گرتووە؟

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دەیەکانی ڕابردوودا ئەوەی نیشان داوە کە زیاتر لەوەی پێبەند بە «کۆتایی یەکلاکەرەوەی شەڕەکان» بێت، پێبەندی «گۆڕانی بەرژەوەندی و پێویستییەکان» بووە؛ واتە ئەمریکا بەپێی ئەزموونی لانیکەم ٦٠ ساڵی ڕابردوو، ئەگەرچی لە چەندین شەڕی خوێناوی بەشدار بووە، بەڵام هەر کات هەستی بەوە کردبێت کە چیدی پێویست بە مانەوە ناکات یان چیدی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەردەوامیی شەڕدا نییە، وازی هێناوە و گۆڕانی لە ستراتێژیی خۆیدا پێک هێناوە.

لە ڤییەتنامەوە بۆ ئەفغانستان، لە عێراقەوە بۆ سووریە، هەمان پلان و هەمان گۆڕانی ستراتێژی دووبارە بوونەتەوە؛ چوونە نێو شەڕ بە هێزی زۆر و، دەرچوون و بەجێهێشتنێک کە هەمیشە پڕە لە پرسیارە بێ وەڵامەکان.

ئەمڕۆش، لە سێبەری ئاڵۆزییە زیادبووەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و پاش شەڕێکی ٤٠ ڕۆژەی سەختی سەربازی و وێرانکردنی پێگە گرینگەکانی دەسەڵات لە ئێراندا، ئەو پرسیارە دووبارە لە مێشکی مرۆڤدا چەکەرە دەکاتەوە: ئایا مێژوو دووبارە دەبێتەوە؟

ئەوەی کە وەڵامی ئەم پرسیارە بە ئەرێ یان نا بدرێتەوە، پێوەندیی بە ڕووداوەکانی داهاتووەوە هەیە، بەڵام ئەوەی کە لەم پرسیارەش گرینگترە لە ڕاستیدا ئەوەیە کە لە نێوان ئەم هاوکێشە نوێ و ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، یەک لە ئەکتەرە دێرینەکان دووبارە هاتووەتە سەر شانۆ: کورد.

مێژووی پەیوەندیی نێوان کورد و ئەمریکا، مێژووی هاوکارییە تاکتیکییەکانە؛ هاوکاریگەلێک کە لە کاتە گرنگ و هەستیارەکاندا دروست بوون، بەڵام زۆرجار لە هەمان کاتدا کۆتاییان هاتووە!

لە چیاکانی قەندیلەوە بۆ دەشتەکانی سووریە، کورد زۆرجار وەک هاوبەشی مەیدانی دەرکەوتووە؛ بەڵام ئەم هاوبەشییە هەمیشە لە یەک ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە: «بەرژەوەندیی هێزە گەورەکان، نەگۆڕ نییە».

لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تارانیشدا بۆ جارێکی تر کورد هاتەوە نێو هاوکێشەکان و ڕۆڵی تازەی وەرگرت؛ ڕۆڵێک کە هەم دەرفەتە و هەم مەترسی!

دەرفەت بەواتای بینینەوە، خۆدیتنەوە و بۆ ڕاگەیاندنی داواکارییەکان و بۆ بوونێکی یەکلاکەرەوە لە نێو ئەو هاوکێشانەی کە داهاتووی هەرێمەکە دیاری دەکەن، بەڵام مەترسیش، لە دووبارەبوونەوەی هەمان نەخش کە پێشووتر لە سووریەدا خۆی بینییەوە، واتە بەکارهێنان و دواتر تەنیامانەوە!

بەگشتی لە جیهانێکدا کە سیاسەت زیاتر لە هەر کاتێک پێشبینینەکراوە و هیچ پشتگیرییەکی هەمیشەیی نییە؛ لە جیهانێکدا کە جەمسەربەندییەکان و سیاسەتکردنەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانن و مافە ئینسانییەکان دەبنە ئەولەوییەتە دووەم و سێیەمەکان، ڕەنگە زێدەبێژی نەبێ گەر بڵێین گرنگترین وانەی مێژوو بریتییە لەوەی ئەو گەلانەی داهاتووی خۆیان تەنیا لەسەر بڕیاری کەسانی تر بنیات دەنێن، زیاتر لەوەی یاریزان بن، دەبنە «ئامرازی یاری».

جا لێرەدایە کە وتە بەناوبانگەکەی ڕێبەری شەهیدمان، دوکتور قاسملوو دووبارە خۆی بەرجەستە دەکاتەوە و وەبیرمان دێنێتەوە کە دەڵێ:

«کە میللەتی کورد هەم ئەو هێزەی هەیە بتوانێ خۆی ڕزگار بکات و هەم لە عامیلی خاریجی وەک عامیلێکی لەبار کەڵک وەردەگرێ، بەڵام عامیلی ئەسڵی، ئەوەی کە دەڵێن «تعیین‌کنندە»، هێزی خۆیەتی. دۆست باشە هەبێ، بەڵام لە خەباتی خۆماندا بۆ ڕزگاریی خۆمان ناکرێ هێزی خۆمان لەولا دابنین و بڕوامان وابێ کە باشترین دۆست ڕزگارمان دەکات. نەخێر. بۆ خۆمان دەبێ خۆمان ڕزگار بکەین و بۆ خۆشمان دەبێ گیروگرفتەکانمان چارەسەر بکەین. بۆیە زۆر خۆشحاڵین کە پاش چەند ساڵ خەباتی میللەتی کورد، ئەو فیکرە کە جاران زۆر بەهێز بوو لە کوردستانی ئێران، کە چارەنووسی گەلی کورد لە واشینگتۆن و لەندەن و پاریس و مۆسکۆ دیاری دەکرێ؛ زۆر خۆشحاڵین کە ئەو هەستە تەقریبەن بە تەواوی لە بەین چووە و خەڵکی کوردستان زۆر باش دەزانێ کە بۆ خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەکا و ئەو چارەنووسەش لە کوردستاندا دیاری دەکرێ.»