کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی دەروونپزیشکانی ئێران: بڕینی ئینتێرنێت زیانی هاوشێوەی برسییەتی هەیە

11:40 - 14 بانەمەڕ 2726

وتەبێژی ئەنجومەنی زانستیی دەروونپزیشکانی ئێران هۆشدارییەکی توندی سەبارەت بە بەردەوامیی پچڕان و سنووردارکردنی ئینتێرنێت دا و ڕایگەیاند کە ئەم کارە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی "هەستی نادادپەروەری" و تێکچوونی باری دەروونیی کۆمەڵگا، بەتایبەت نەوەی نوێ.

ئەمیرحوسێن جەلالی ندووشەن ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ نەوەی نوێ، ئینتێرنێت تەنیا ئامرازێکی کات بەسەربردن نییە، بەڵکوو هاوتای "قوتابخانە، بنەماڵە و ژینگەی هاوڕێیەتییە".

ئەو جەختی کردەوە کە بێبەشکردنی گەنجان لەم کەشە، کاریگەرییەکی خراپی وەک "بێبەشکردن لە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و خۆراک" لەسەر تەندروستیی دەروونییان جێ دەهێڵێت.

ئەم دەروونپزیشکە ڕەخنە لە ناڕوونیی سنووردارکردنەکان دەگرێت و دەڵێت: "کۆمەڵگە لەوانەیە لە کاتی شەڕدا بۆ ماوەیەکی کورت دان بە خۆیدا بگرێت، بەڵام کاتێک ئەم پچڕاندنانە دەبنە دیاردەیەکی دووبارە، ناڕوون و بێ ئاگادارکردنەوە، متمانەی گشتی بە تەواوی لەناو دەچێت."

هەروەها هۆشداری دراوە کە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی کزبوونی دەنگی خەڵکی ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کە ئەمەش دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی پتر و بێدەنگکردنی ئەو کۆمەڵگایە کە دەیەوێت پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە هەبێت.