سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە کە نابێ ڕێگە بە هیچ دەسەڵات و وڵاتێک بدرێت کۆنترۆڵی گەرووی هۆرمۆز بکات.
مەزرووعی ئاماژەی بەوە کرد کە کراوە مانەوەی ئەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بایەخێکی ستراتێژیی زۆری هەیە و دەبێ بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی داخرانی ئەم گەرووە لە داهاتوودا بکرێت.
ناوبراو هەروەها باسی لە کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی "ئۆپێک" و "ئۆپێک پلاس" کرد و ڕایگەیاند کە ئیمارات لە "کەشێکی ئەرێنیدا" لەم ڕێکخراوە جیا بووەتەوە، بەڵام هێشتا بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە وڵامی کشانەوەی ئیماراتدا وتی: "ئەوەی وڵاتێک بیەوێت وەک کاردانەوەیەکی نەرێنی یان تۆڵەسەندنەوە لە ناوچەکە یان لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک هەڵسوکەوت بکات، بە هیچ شێوەیەک سازێنەر نییە."
ئەم ململانێیە دیپلۆماسی و وزەییە لەکاتێکدایە کە ئاڵۆزییە دەریایییەکان لە ناوچەکە بەردەوامن و کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گوشار بۆ سەر هاتوچۆی کەشتییەکان، ئیمتیازی سیاسی بەدەست بهێنێت، کە ئەمەش ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی توندی وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە.