فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، ناوشکێنە موشەکهاوێژەکانیان بە سەرکەوتوویی لە گەرووی هۆرمۆز پەڕیونەتەوە و ئێستا لەنێو ئاوەکانی کەنداودا خەریکی ئۆپەراسیۆنی پشتیوانین لە «پڕۆژەی ئازادی».
سێنتکام ڕایگەیاندووە، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی ئازاد لە ناوچەکە، دوو کەشتیی بازرگانیی وڵاتەکەیان بە سەرکەوتوویی و بەبێ هیچ گرفتێک لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕیوون. هەروەها جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بە چالاکییەوە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی دەریاوانی لە گەرووەکەدا جێگیرن.
ئەم ڕاگەیەندراوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سپای پاسداران هەڕەشەی ڕێگریکردن لە کەشتیی بێ-مۆڵەتی کردبوو. هەرچەندە میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران ئیدیعای ئەوەیان کردبوو کە ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی ناوشکێنە ئەمریکاییەکان کردووە، بەڵام سێنتکام بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە.
بڕاد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام، بە هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی بەسەر ئاسمانی گەرووی هۆرمۆزدا فڕیوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە. کوپێر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەریای عەرەب، جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ گەرەنتی کردنی ئەمنییەتی دەریاوانی کردەوە.