کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شرۆڤە: ''جیهانیبوونی'' گەمارۆی سەر ئێران؛ پەیامێکی هۆشدارییە بۆ چین و ڕووسیە

15:18 - 14 بانەمەڕ 2726

دکتۆر ڕێبێکا گرانت لە بەشێکی شیکارییەکیدا کە لە "فاکس نیوز" بڵاو کراوەتەوە، نووسیویەتی: پەرەگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، لە تەنیا کارێکی ناوچەیی دەرچووە و بووەتە ئاماژەیەکی هۆشداریدەر بۆ چین و ڕووسیە.

بەپێی ئەم شرۆڤەیە، هێزەکانی ئەمریکا لە حەوتووەکانی ڕابردوودا دەیان کەشتییان لەسەر ڕێڕەوی ئێران ڕاگرتووە یان دەستیان بەسەردا گرتوون. دۆناڵد ترامپیش ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە "زۆر کاریگەر" ناوبردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە گوشاری ئابووری، چەقی سەرەکیی ئەم پلانەیە.

هاوکات، بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە مەودای ئەم گەمارۆیە لە فراوانبووندایە. بە وتەی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئەم ئۆپەراسیۆنە ''خەریکە جیهانی دەبێتەوە'' و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانیش بەردەوام دەبێت.

لە شیکارییەکەدا هاتووە کە ئەم پرۆسەیە بۆ چین گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە بەشێکی بەرچاوی هاوردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دەریاوە دابین دەکرێت و ئێران و ڕووسیەش پشکێکی گرینگیان لەو دابینکردنەدا هەیە.

نووسەر جەخت دەکاتەوە کە تێکەڵکردنی توانای سەربازی، هەواڵگری و دارایی ئەمریکا لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ئاستێکی وەها لە بەرگێڕەوە (بازدارندگی) دروست کردووە کە بە وتەی ئەو، ڕکابەرەکانی وەک چین ناتوانن بە ئاسانی بەرەوڕووی ببنەوە.