وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێکی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەو وڵاتە (ئادنۆک)، لە کاتی تێپەڕین لە گەرووی هۆرمۆز، کراوەتە ئامانجی هێرشێکی تێرۆریستی.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی بانەمەڕ، نەوتهەڵگری "برکە" لە نزیکی کەنارئاوەکانی عومان لەلایەن دوو دڕۆنی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرایە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئادنۆک، ئەم کەشتییە لە کاتی هێرشەکەدا بەتاڵ بووە و هیچ بارێکی پێ نەبووە، هەروەها لەم ڕووداوەدا هیچکام لە خەدەمەی کەشتییەکە تووشی زیان و پێکان نەبوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی وەک "هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران" وەسف کرد و بە توندی مەحکوومی کرد.
ئیمارات هەروەها جەختی کردەوە کە هێرشکردنە سەر کەشتیوانیی بازرگانی و بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز وەک ئامرازێکی گوشار و باجگیریی ئابووری، جۆرێکە لە "دزیی دەریایی لەلایەن سپای پاسدارانەوە"، کە ئامانج لێی دروستکردنی ناسەقامگیری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و ئەمنییەتی بازاڕەکانی وزەی جیهانی.