میرنشینی فۆجەیرە لە وڵاتی ئیمارات ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشێکی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بانەمەڕ، ئاگر لە دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگەی ڕاگەیاندنی میرنشینی فۆجەیرە، هێرشە دڕۆنییەکەی ڕێژیمی ئێران ناوچەی پیشەسازیی نەوتیی "فەرا"ی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە دڕۆنییە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی سێ مووشەکی ئاراستەکراوی ئێران لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکاندا تێک بشکێنێت و مووشەکی چوارەمیش هەر لە دەریادا کەوتووەتە خوارەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی تاران، ئۆپەراسیۆنی ''پڕۆژەی ئازادی'' بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەست پێ کردووە. چاودێرانی سیاسی ئەم هێرشانەی ئێران وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی ئەمنییەتی وزە و وەڵامدانەوەی گوشارە سەربازییەکانی واشنگتۆن لە ناوچەکەدا دەبینن.