کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ دەسپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو دژی ئێران نزیک بووەتەوە

08:34 - 15 بانەمەڕ 2726

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە واشنگتۆن زیاتر لە هەمیشە لە دەسپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی شەڕی گەورە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "فاکس نیوز"، ئەم هەڵسەنگاندنە دوای ئەوە دێت کە تاران لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە تەقەکردن لە کەشتییەکانی ئەمریکا و هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر ئیمارات، ئاگربەستی نافەرمیی ناوچەکەی پێشێل کردووە.

ئیمارات ڕایگەیاندووە کە پتر لە ١٢ مووشەک و دڕۆنی ئێرانی بەرەو وڵاتەکەیان ته‌قێندراون؛ هێرشێکی دڕۆنیش بۆ سەر دامەزراوەیەکی نەوتی بووەتە هۆی برینداربوونی سێ هاووڵاتیی هێندی.

ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە شەش بەلەمی ئێرانیی نوقم کردووە کە هێرشیان کردبووە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن پاسەوانیکردنی تاک‌تاکی کەشتییەکان کارێکی "ناکارامەیە"، هەر بۆیە ستراتێژیی "چەتری بەرگری"یان گرتووەتە بەر.

ئەمە بە واتای دروستکردنی شێوازێکی پارێزگاریی بەهێز لە ڕێگەی هێزی ئاسمانی، دەریایی و سیستەمی چاوەدێریی پێشکەوتوویە کە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.

ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ "پڕۆژەی ئازادی" بۆ کردنەوەی هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز دەست پێ کردووە.

هەروەها ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان دووبارە پڕچەک کراونەتەوە و لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ وەشاندنی گورزی یەکلاکەرەوە کە ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە لێواری شەڕێکی سەرتاسەرییەوە.