لە کاتێکدا کە ئاڵۆزییەکان لە ئاوەکانی کەنداو گەیشتوونەتە لووتکە، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میدیاکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیمارات کرد.
هەواڵدەریی "تەسنیم"، سەر بە سپای پاسداران لە زمان سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئیمارات دەست بداتە هەر کارێکی "ناژیرانە"، تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە دەبنە ئامانجی هێرشەکانی ئێران.
ئەم سەرچاوە سەربازییە بە ئاماژە بە پێگەی ئابووریی ئیمارات وتوویەتی: "ئیمارات دەزانێت کە لە ماڵێکی شووشەیی زۆر ناسکدا دانیشتووە و ناسەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە وەک ژەهر وایە."
تاران هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئیمارات ببێتە "کایەی دەستی ئیسرائیل"، ڕێژیم بە تەواوی دەست لە دانبەخۆداگرتن هەڵدەگرێت و وەک بەشێک لە خاکی ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات.
ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە دێن کە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە توانیویانە ١٥ مووشەک و ٤ درۆنی ئێران لە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا ڕاو بکەن و تێکیان بشکێنن.
تاران بە ئاماژەدان بە ئەزموونی "شەڕی ٤٠ ڕۆژە"، هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەمجارە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زۆر وێرانکەرتر دەبن.
شارەزایان پێیان وایە کە ئەم زمانە توندەی تاران نیشانەی نیگەرانیی قووڵی ڕێژیمە لە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئیمارات، ئیسرائیل و ئەمریکا، بەتایبەت لە کاتی جێبەجێکردنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز.