کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئێران بۆ سەر دوو ناوشکێن و وڵامی توندی هێزەکانی ئەمریکا لە هۆرمۆز

08:56 - 15 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژی دووشەممە دوو ناوشکێنی هێزی دەریایی ئەمریکا بە ناوەکانی "یوو ئێس ئێس تراکستۆن" و "یوو ئێس ئێس مەیسن"، لە کاتی تێپەڕین لە گەرووی هۆرمۆز، کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی ڕەوانەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەلەمە خێراکان و ئاراستەکردنی هاوکاتی مووشەک و دڕۆن، هەوڵیان داوە ڕێگری لە تێپەڕبوونی ئەو دوو ناوشکێنە بکەن.

تۆڕی هەواڵی "سی‌بی‌ئێس" ئاشکرای کردووە کە لە کاتی ئەم پێکدادانەدا، فڕۆکە جەنگییەکان و کۆپتەرە هێرشبەرەکانی جۆری "ئاپاچی AH-64" بە بەردەوامی لە ئاسمانی گەرووەکەدا بوون و پشتیوانیی نزیکیان لە ناوشکێنەکان کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.

سەرەڕای قورسیی هێرشەکان، هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی بەر ناوشکێنەکانی ئەمریکا نەکەوتووە و هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە سەرجەم هەڕەشە ئاسمانی و دەریاییەکان تێک بشکێنن.

ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی گەرووی هۆرمۆز دوای ئەوە دێت کە واشنگتۆن یاساکانی شەڕی گۆڕیوە و دەسەڵاتی تەواوی بە فەرماندەکانی لە ناوچەکەدا داوە تا لە کاتی بینینی هەر جووڵەیەکی گوماناوی، گورزی پێشوەختە لە هێزەکانی سپای پاسداران بوەشێنن.