سەرەڕای ئاگربەست، گرژیی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کەنداو و گەرووی هۆرمۆز سەری هەڵداوەتەوە و هەردوولا هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی یەکتر.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی "بەرگری لە خۆدا"، هێرشیان کردووەتە سەر سایتە ڕادارییەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی دڕۆنەکانی ئێران لە ناوچەی "گورک" و "دوورگەی قشم".
سێنتکام دەڵێت ئەمە وڵامێک بووە بۆ خستنەخوارەوەی دڕۆنێکی جۆری MQ-1ی ئەمریکا لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکان و تێیدا چەندین سیستەمی بەرگری و دڕۆنی ئێران تێکشکێندراون بەبێ ئەوەی زیان بە هێزەکانی ئەمریکا بگات.
لە بەرامبەردا، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکایان پێکاوە کە وەک سەرچاوەی هێرش بۆ سەر دەکەڵێکی موخابەراتی لە "سیریک"ی هوۆرمۆزگان بەکار هاتووە.
سپای پاسداران ناوی ئەو وڵاتەی نەهێناوە کە بنکەکەی تێدا جێگیرە، بەڵام هاوکات کوەیت ڕایگەیاندووە کە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کراوەتە سەر خاکەکەی.
سێنتکام جەختی کردووەتەوە کە لە کاتی ئاگربەستدا لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر سەرکێشییەکانی ئێراندا بەردەوام دەبێت و هاوکات سپای پاسداران هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکاندا، وڵامیان توندتر دەبێت.