بێنجامین حەداد، وەزیری کاروباری ئورووپای فەرانسە، ڕایگەیاند کە پاریس لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی کار دەکات بۆ توندکردنەوەی سزاکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت ئەو لایەنانەی دەستیان لە هێرشە سایبێرییەکانی سەر سیستەمی ساردکەرەوەی فرۆشگاکانی ئەو وڵاتەدا هەبووە.
حەداد لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی هەواڵیی "فرانس ئینفۆ" جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەک وڵامێکە بۆ ئەو هێرشە سایبێرییەی کە فەرانسە بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتییەکەی دەخاتە ئەستۆی ڕێژیمی ئێران.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خەزەڵوەر لە ڕاگەیەندراوێکدا، یەکەی سایبێریی " کاوە"ی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی بە ئەنجامدەری هێرش بۆ سەر سیستەمی کۆنترۆڵی ساردکەرەوەی زیاتر لە ٧٠٠ فرۆشگا لە فەڕانسە ناساندبوو.
بەپێی ئامارەکانی ئەو وەزارەتخانەیە، ئەم هێرشە کە لە شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی ڕەزبەردا ئەنجام دراوە، زیانێکی ماددیی زۆر، ئاگرکەوتنەوە و تێکچوونی خۆراکی بە بەهای دەیان میلیۆن یۆرۆ لێ کەوتووەتەوە.
هەروەها پاریس باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی بانگ کردووە و پێشنیاری سەپاندنی سزای نوێی بەسەر کەسایەتی و دامەزراوە تێوەگلاوەکانی ڕێژیمی ئێراندا کردووە.