کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان سەبارەت بە لەسێدارەدانی لاوان و مێرمنداڵان لە ئێران

09:21 - 22 خەزەڵوەر 2726

ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هۆشداریی توندی سەبارەت بە هەڵکشانی ئاماری لەسێدارەدانەکان دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دا و ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی بەرچاو لە سزادراوان لە کاتی دەسبەسەرکردندا تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵدا بووە و زۆربەی لەسێدارەدراوانیش تەمەنیان لە ژێر ٣٠ ساڵدا بووە.

ئەم ڕێکخراوە پیشەیییە وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی قووڵی ئابووری، هەژاری و نایەکسانی دوای ناڕەزایەتییەکان و شەڕ، دەرکردنی سزای قورسی بەندکران و لەسێدارەدانی بە هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان زانیوە.

ئەو ئەنجومەنە لە دۆسییەی ناسراو بە "سووتاندنی مزگەوتی سەیدولشوهەدا لە پاکدەشت"دا ڕایگەیاندووە کە 'ئێحسان حوسێنی‌پوور حەسارلوو"، "مەتین محەممەدی" و "عرفان ئەمیری" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و دۆسییەکانیان لە قۆناغی جێبەجێکردندایە؛ لە کاتێکدا محەممەدی و ئەمیری لە کاتی دەسبەسەرکردندا مێرمنداڵ بوون و حوسێنی‌پووریش ١٨ ساڵان بووە.

هەروەها لە دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانیی ئێسفەهان"دا، چوار مێرمنداڵ و لاو بە ناوەکانی "عرفان ئیسفەندیاری"، "شێروین باقریان"، "ئەبوولفەزڵ ئیبراهیمی" و "ئەمیرحوسێن مەلەکی" سزای مەرگیان بەسەردا سەپێنراوە؛ بە جۆرێک کە ئێسفەندیاری و مەلەکی لە سێدارە دراون و باقریان و ئیبراهیمیش هێشتا مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەسەرە.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە لەسێدارەدانی ١٩ ژن کردووە و ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٧٠ بەندکراوی سیاسی و ناڕازی، لەوانە پێنج ژن و سێ کوڕی لاو، لە بەردەم مەترسیی دەستبەجێی لەسێدارەداندان و داوای هاوپشتیی گشتیی لەگەڵ کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" کردووە.