کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانکردنی ژینگە و هەڵکەندنی داربەڕووە کۆنەکانی "سلێمان بەگ"ی بانە بە پشتیوانیی ڕێژیم

13:13 - 21 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی سیاسەتی تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی سامانە گشتییەکانی کوردستان، کەسانی هەلپەرست بە پشتیوانیی دامودەزگاکانیی ڕێژیم، دەستیان داوەتە لەنێوبردنی داربەڕووە کۆنەکان و دابەشکردنی زەوییەکانی ناوچەی مێژوویی و گۆڕستانی کۆنی "سلێمان بەگ" لە شاری بانە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، بەشێکی بەرچاو لە سروشتی ناوچەی "سلێمان بەگ" کە وەک یەکێک لە هێما کولتوورییەکانی بانە و شوێنی گۆڕستانە کۆنەکانی ئەو شارە دەناسرێت، لەلایەن کەسانی هەلپەرەستەوە پارچەپارچە کراوە و دار بەڕووە بەتەمەنەکانی لە ڕەگەوە هەڵکەندراون تاکوو بکرێنە زەویی بازرگانی و بیناسازی.

سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم کەسانە لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، چونکە سەرەڕای ناڕەزایەتیی خەڵک و بەدواداچوونی یاسایی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی "پاژین"، ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە و تەنانەت ئەندامانی پاژین لە کاتی سەردانکردنی شوێنەکەدا ڕووبەڕووی هەڕەشە و سووکایەتی بوونەتەوە.

لە کاردانەوە بەم دەستدرێژییە، "شۆرای ئێفتای شاری بانە" لە ڕاگەیەندراوێکدا بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان، هەر جۆرە داگیرکردنی زەوی، کڕین و فرۆشتن و بیناسازییەک لە سنووری گۆڕستان و دارستانەکانی سلێمان بەگی بە "حەرام و داگیرکاری" ناو بردووە و داوای ڕاگرتنی بێڕێزیکردن بە گۆڕی مردووان و سامانی گشتیی کردووە.

هاوکات ژینگەپارێزانی بانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم وێرانکارییە، هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوە و چاندنەوەی بەڕووەکان لەو ناوچەیەدا دەست پێ کردووە.