کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی زۆرەملێی قوتابییانی کوردستان و ئێران بۆ ناوچە جەنگییەکان بەردەوامە

09:14 - 22 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی سیاسەتە ئیدیۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی منداڵان، سەدان قوتابیی کچ و کوڕ لە شارەکانی کوردستان و ئێرانەوە لەژێر ناوی کاروانەکانی "ڕاهیانی نوور" ڕەوانەی ناوچە جەنگییەکانی باشووری ئێران کران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەسەربازکردنی قوتابییاندا، ٤٠ قوتابیی کچ لە شاری "بۆکان"ەوە بۆ ماوەی یەک حەفتە و ٢٢٠ قوتابیی کچیش لە شاری ئەبهەرەوە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، ڕەوانەی ناوچە جەنگییەکانی باشووری ئێران کراون.

هاوکات، جەهانگیر ئیسلام‌پەرەست، بەرپرسی بەسیجی قوتابییانی پارێزگای ورمێ، ڕایگەیاندووە کە بڕیارە لە دوو قۆناغدا، دوو هەزار و ١٠٠ قوتابیی کچ و کوڕ لەو پارێزگایەوە ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکرێن.

ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی شووشتنەوەی مێشک و پەرەپێدانی کولتووری شەڕخوازی لەنێو منداڵان و مێرمنداڵاندا ئەنجام دەدرێت، کە بە تەواوی دژی پەیماننامەی جیهانیی مافەکانی منداڵان و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی منداڵانە لە کاروباری سەربازیدا.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، لە درێژەی سیاسەتی کەڵکوەرگرتنی ئامرازییانە لە منداڵان، هەزاران قوتابیی دیکە کە زۆربەیان کچانی قۆناغی ناوەندی و دواناوەندین، لە دەیان شاری جیاوازەوە وەک شاری کورد، بۆجنوورد، مەلایەر، قەزوین، ساری و ئەراک ڕەوانەی بەرەکانی پێشووی شەڕ کراون.

هەرچەندە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە پەیوەست بە پەیماننامەی مافەکانی منداڵانەوە بووە کە تێیدا هەر جۆرە بەکارهێنانێکی کەسانی ژێر ١٨ ساڵ لە بابەتە سەربازییەکاندا قەدەغە دەکات، بەڵام بەردەوام پێبەندییە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل دەکات.