هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوە لە گەڵاڵەیەک بۆ بەکارهێنانی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەیە کە لە کاتی شەڕدا بەر وڵاتانی هاوپەیمانی واشنگتۆن لە کەنداو کەوتوون.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی نزیک لە "سکات بێسێنت"، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، بە کاناڵی "CBS"ی ڕاگەیاندووە کە ئەم وەزارەتە بەتەمایە تەواوی دەسەڵاتەکانی بەکار بهێنێت تا داراییەکانی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی زیانەکانی هێرشەکانی داهاتووی تاران تەرخان بکات.
بێسێنت فەرمانی بە وەزارەتی خەزێنەداری کردووە خەمڵاندنێکی گشتگیر لە هاوپەیمانانی کەنداو (عەرەبستان، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین، قەتەر و عومان) سەبارەت بە تێچووی زیانەکانی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شەڕەکەوە وەربگرێت.
ئەم لێکۆڵینەوانە دۆخی داراییە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەگرێتەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە لەنێوان پارە نەختینەییە بلۆکەکراوەکان یان داراییە فیزیکییەکانی وەک نەوتهەڵگرەکان، کامیان بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێندرێت.
ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی ئاشتیی نێوان واشنگتۆن و تاران بەردەوامە و ئێران مەرجی هەر ڕێککەوتنێک بە لادانی سزاکان و ئازادکردنی چەندین میلیارد دۆلار دارایی سڕکراوی خۆی دەبەستێتەوە.