فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، بەرەبەیانیی یەکشەممە ١٧ی جۆزەردان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرەتای ئەمڕۆ، هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوو دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە ببوونە هەڕەشە بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی لە گەرووی هۆرمۆزدا.
سێنتکام جەختی کردووەتەوە کە "هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشیدان و بۆ درێژەدان بە بەرگریکردن لە دژی دەستدرێژییەکانی ئێران ئامادەن."
ئەم بەیاننامەیەی سێنتکام لە کاتێکدایە کە حەفتەی ڕابردوو و بەدوای هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار پێگەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە باشووری ئەو وڵاتە و لەوانەش لە دوورگەی "قێشم" بۆردومان کرد.
تاران جگە لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، چەندین جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کردووەتە سەر وڵاتانی کوەیت و بەحرەین.
خستنەخوارەوەی ئەم دڕۆنانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەتایبەت دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و وڵامدانەوەی سەربازیی بەردەوامی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە لووتکەی گرژیدایە.