کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە کوردستان

09:54 - 17 جۆزەردان 2726

لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتییەکان لە کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەش هاووڵاتی لە ئیلام و کامێران دەسبەسەر کراون و چالاکوانێکی مەدەنی لە دێولان ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی سێ لاوی خەڵکی ئاسمان‌ئابادی ئیلام بە ناوەکانی "عەلیڕەزا قاسم‌نژاد"، "ئارمین ئەسەدیان" و "ئەحمەدرەزا کوهزادیانی"، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم شەوی ٣١ی بانەمەڕ بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژی ئەو لاوە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان لە کامێران، هێزە ئەمنییەتییەکان هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خوشک و برایەک بە ناوەکانی "کەژاڵ ڕەحمانی" (پەرستار) و "دانیال ڕەحمانی" (خوێندکار) و دەسبەسەریان کردوون.

چەند کاتژمێرێک دواتر، "عیسا فەیزی" بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاوسەری کەژاڵ، کاتێک بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەوان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرد، ئەویش دەسبەسەر کرا.

 ئەم بنەماڵە مافخوازە پێشتریش ئەندامێکیان بە ناوی "جەماڵ ڕەحمانی" لە ساڵی ١٣٩٧ لەلایەن سپاوە کوژرابوو.

کوردپا هەروەها ڕایگەیاند، هەر لەو ڕۆژەدا، "محەممەدوڵڵا ڕەزایی"، ئەندامی ئەنجومەنی "نۆژین" لە دێولان، دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگا، دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمە یەک ساڵەکەی بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی نیزام"، ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم گیرا و پاش ٥٥ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.