کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێی پێنج بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئەهواز

09:57 - 17 جۆزەردان 2726

دیوانی باڵای ڕێژیم سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی "شەیبان"ی ئەهوازی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کارون"، مەسعوود جامیعی، عەلیڕەزا مۆرداسی(حەمیداوی) و فەرشاد ئعتمادپوور سزای "دوو جار لەسێدارەدان"یان بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، "ئەندامەتی لە حیزبە نەیارەکانی ڕێژیم" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"بەسەردا سەپاوە.

هەر لەو دۆسییەدا، دوو تۆمەتباری دیکە بە ناوەکانی سامان و داوود حورمەت‌نژاد حوکمی ١٢ و ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

هاوکات، ڕەزا عەبدالی بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دەرەوەی وڵات"، لەلایەن دەزگای بەناو دەزگای ڕێژیم سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها حەسەن موسەلاوی، چالاکوانی کولتووری کە بە تۆمەتی "موحاربە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، حوکمەکەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە و لە نێو بەندیخانەدا پێی ڕاگەیەندرا.

پرۆسەی دادگاییکردنی ئەم دەسبەسەرکراوانە بە پێشێلکردنی بەرچاوی مافە یاساییەکان، بێبەشکردن لە پارێزەری سەربەخۆ و بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بەڕێوە چووە.

ئەم شەپۆلە نوێیەی پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکانی سێدارە، بەشێکە لە ستراتێژییەکی مێژوویی و سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تێیدا "سزای سێدارە" وەک چەکێکی سیاسی و ئەمنییەتی بۆ داپلۆساندنی نەتەوە بندەستەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وەک کورد، عەرەب و بەلووچ بەکار دێت.