کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ١٥٠ پێگەی حیزبوڵڵای بوردومان کرد

10:49 - 17 جۆزەردان 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ١٥٠ پێگەی سەربازیی حیزبوڵڵا، لەوانە کۆگاکانی چەک، سەنتەرەکانی فەرماندەیی و سەکوکانی هاویشتنی مووشەکی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

هاوکات لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە نێوان "خەردەلی" و "نەبتیە"، دوو ئەفسەر و سەربازێکی ئەرتەشی لوبنان کوژران؛ بەرپرسانی باڵای لوبنان و هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم هێرشەیان وەک پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی لوبنان مەحکووم کرد.

ئەرتەشی ئیسرائیل وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری پێكانی ئۆتۆمبێلی ئەرتەشی لوبنان دەکەن، جەختی کردەوە کە ئۆپۆراسیۆنەکانی ئەوان تەنیا دژی چەکدارانی حیزبوڵڵایە.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانەکان، تێلاڤیڤ فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بۆ پێنج گوندی دیکە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەرکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە هێرشەکانی ئەم دوایییەدا بۆ سەر ناوچەی "سەکسەکیە" و شاری "سوور"، چەندین هاووڵاتیی مەدەنی، لەوانە دوو ژن و پەرستارێک کوژراون و ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشانەدا، گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا چەند پێگەیەکی تۆپخانەیی ئەرتەشی ئیسرائیلی لەسەر سنوورەکان بوردومان کرد.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی کوژراوانی لوبنان گەیشتووەتە نزیکەی ٣ هەزار و ٦٠٠ کەس و لە بەرانبەریشدا ٢٩ سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.