کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەک کەین: ئەمریکا هیچ هاوکارییەکی دارایی پێشکەشی ئێران ناکات

10:53 - 17 جۆزەردان 2726

"جەک کەین"، ژێنراڵی خانەنشینکراوی ئەمریکا لە کەناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند، واشنگتۆن هیچ پلانێکی بۆ پێدانی ئیمتیاز و ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.

کەین جەختی کردەوە کە داواکارییەکانی ئەمریکا لە تاران، هاوشێوەی ئەو دەستکەوتانەیە کە لە ڕێگەی سەربازییەوە بەدەست دێن و وتی: "چەند میلیارد دۆلار نادەینە ڕێژیم تا خۆی پێ ڕێک بخاتەوە و پێشێلکارییەکانی دەست پێ بکاتەوە."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی "ئاکسیۆس"، بڕیار بوو لێکتێگەیشتنێک بۆ کەمکردنەوەی سزا نەوتییەکان لە بەرانبەر ئاساییکردنەوەی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ئێرانەوە بێتە ئاراوە؛ بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی "ئورشەلیم پۆست"، تاران بەهۆی داواکاری بۆ ئازادکردنی دەسبەجێی داراییەکانی، پێشنیارەکەی ڕەت کردووەتەوە و دەوڵەتی ترامپیش چۆکی بۆ دانەداوە.

لە پەرەسەندنێکی نوێدا، "سکات بێسێنت"، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لقی کۆنترۆڵی داراییە بیانییەکان، خولێکی نوێی سزای توندی بەسەر تۆڕەکانی گازی سروشتیی شلکراوە (LNG)، کەشتیگەلی سێبەر و سیستمە بانکییە نادیارەکانی ئێراندا سەپاندووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە بازرگانیی جیهانی بکات.