ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردان، ژمارێکی زۆر لە قوتابییان لە شارە جیاوازەکانی ئێران وەک تاران، مەشهەد، ئێسفەهان و شیراز، بە کۆبوونەوە لە بەردەم ناوەندە پەیوەندیدارەکان، ناڕەزایەتییان دژی گۆڕانکارییەکانی یاسای کۆنکور دەربڕی.
قوتابییان لە تاران لە بەردەم دەبیرخانەی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی و لە شارەکانی دیکە لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە کۆ بوونەوە.
قوتابییانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە کە دۆخی نالەباری دوای شەڕی ئەم دواییە و ناڕوونی لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، دەرفەتی بەرنامەداڕشتن و ئامادەکاریی بۆ کۆنکور لێ سەندوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایان، قوتابییان ڕەخنەی توندیان لە سیاسەتی "کاریگەریی بڕیاردەری کۆ نمرە" (تأثیر قطعی معدل) گرتووە و ئەم بڕیارەیان بە هۆکاری زیادبوونی گوشاری دەروونی و نادادپەروەریی پەروەردەیی ناو بردووە.
ئەم کاناڵە نووسیویەتی: "کاریگەریی نمرەکانی تاقیکردنەوە کۆتاییەکانی قۆناغەکانی یازدەهەم و دوازدەهەم لەسەر چارەنووسی بەشداربووان و پێداگری لەسەر بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە شێوازی ئامادەبوون لە دۆخی دوای شەڕدا، لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیکەی ناڕەزایەتییەکان بوون."
ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، جیا لە پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت، سەرجەم قوتابخانەکانی داخست و دوای ئاگربەستیش خوێندن بە شێوازی ئانلاین بەردەوام بوو.
سەرەڕای داخرانی قوتابخانەکان و خوێندن بەشێوەی ئانلاین لە مانگەکانی ڕابردوودا، وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم پێداگریی لەسەر بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە شێوازی ئامادەبوون دەکاتەوە؛ بابەتێک کە بووەتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی خوێندنی قوتابییان.