کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: ئەگەری هەیە ئیسرائیل گوێی لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران ڕاگرتبێت

14:25 - 17 جۆزەردان 2726

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان و بەرپرسانی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێیان وایە ئەگەری هەیە ئیسرائیل گوێی لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگرتبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئێن بی سی نیوز، پنتاگۆن لە حەفتەکانی ڕابردوودا ئاستی هەڕەشەی دژەسیخوڕیی پەیوەندیدار بە سەرنج و کردارەکانی ئیسرائیلی بەرز کردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی بە نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندییەکانی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لەگەڵ ئێران زیادی کردووە و ئەم بابەتە لە هەندێک حاڵەتدا وەک "بەزاندنی هێڵی سوور" سەیر کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئیسرائیل هەوڵەکانی خۆی بۆ گوێگرتن و سیخوڕیکردن بەسەر پەیوەندییەکانی هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە لەوانە "ستیڤ ویتکاف"، نێردراوی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا، و چەند بەرپرسێکی پێنتاگۆن چڕتر کردووەتەوە،.

ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا  لە ڕاپۆرتێکدا ئاستی هەڕەشەی دژەسیخوڕی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلی لە "بەرز"ەوە بۆ "قەیراناوی" ناو بردووە.

لەو ڕاپۆرتانەدا هاتووە کە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر پرسی ئێران بەردەوامە، بەڵام واشنگتۆن بەرانبەر بە دەستڕاگەیشتنی ئیسرائیل بە زانیارییە هەستیارەکانی دانوستانەکان هەستیارتر بووە.

هاوکات، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنگتۆن ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر بەرپرسان یان دامەزراوەکانی ئەمریکاوە ناکات.